تبلیغات
هه‌ره‌وه‌ز - ئاوڕدانەوەیەکی زمانناسانە لەسەر زمانی کوردی / موحەممەد کەریمی
 
ئاواتی "هه‌ره‌وه‌ز"، ژینۆ و بووژانه‌وه‌ی زمان و شۆناسی گه‌لی کورده‌

ئاوڕدانەوەیەکی زمانناسانە لەسەر زمانی کوردی / موحەممەد کەریمی

نوشته شده توسط :شورای سردبیری
دوشنبه 1390/03/2-21:29

ئاوڕدانەوەیەکی زمانناسانە لەسەر زمانی کوردی

نووسینی: موحەممەد کەریمی

دەسپێک

لە حەوزەی زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا دەکرێت بڵێین زمان زانستێکی تۆکمە و تایبەتە و ھەموو کەس و لایەنێک ناتوانن پێی ھەستن. زمان و کار تێکردنەکانی لەسەر ھەموو جۆرێکی ژیانی مرۆڤ لەوانە ژیانی کۆمەڵایەتی ـ ئابووری و سیاسی و فیکری و ھونەری ئەوە دەسەلمێنن ئەم زانستە تۆکمە پێویستی بە کەسانێ لێھاتوو و پسپۆڕ و شارەزا ھەیە کە ڕووبەرێکی زۆر لە ژیانی ڕۆژانەیانی بۆ تەرخان بکەن. لەوەی کە زمان پەیوەستە بوونێکی نەپچڕاو بنەڕەتی لەگەڵ ھرز و بوونی مرۆڤدا وەک کەسایەتی ھەیە و دیارترین و سەرەکیترین ئامرازیشە بۆ جیاوازییەکی نێوان مرۆڤ و بوونەوەر لە ڕووی فیکری و کۆمەڵایەتیەوە بەتایبەت بوونەوەرە گیاندارەکان لە ڕووی فیزیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە و ئەو دەسەڵاتە دەروونیەی کە زمان بە مرۆڤی تاکی دەبەخشێت و داوای لێدەکات وەکی مرۆڤێکی خاوەن دەسەڵات بوونی خۆی لە کۆمەڵدا بسەلمێنێت، شتێکی گومان لێنەکراوە و زمانناسانی ھاوچەرخ پێی لەسەر دادەگرن. لێرەدا ھەوڵ دەدەم زمان چ وەک سەرەکیترین ئامرازی جیاکردنەوەی مرۆڤ ـ بوونەوەر ـ چ وەک کەرەستەیەکی عەقڵی و مەعریفی کە رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە داڕشتن و فۆرم بەخشیندا بە چەمکی نەتەوە و شوناسی نەتەوەیی لە روانگەی دوو بیرمەند و زمانناسی بەناوبانگ لە دوو زەمەنی جیاجیا و دوو شێوازی جیاوازدا بخەمە ڕوو. «ڕنە دێکارت» بیرمەندی فەرانسەوی سەدەی حەڤدەیەم و دووەم « نەوام چامسکی» زمانناس و بیرمەندی ئەمریکی ھاوچەرخ. ئەم دوو بیرمەندە لە دوو تەعبیری جیاوازدا لەسەر ئەوەن کە زمانی تایبەتی مرۆڤ بەشێکە لە شوناس و جەوھەری مرۆڤەکان یان زمان جۆرە تەمایوزێکی ڕیشەیی پێک دێنێت لە نێوان مرۆڤ و بوونەوەردا. گەرچی ڕنە دێکارت لە نووسینەکانیدا تەنھا ئاماژەیەکی کورتی بە زمان داوە بەڵام ھەندێک لە تیۆرەکانی ئەو دەربارەی جەوھەری زمان لە ڕووی زمانناسی و سۆسیۆلۆژی زمانەوە پێگەیەکی ئەساسی و بایەخدارن:

یەک لەو تیۆرانەی کە سەرەنجام دێکارت یان لە حەوزەی فیزیک بەرەو فیزیۆلۆژی و رەوانناسی کێشمەکێش کرد و دواتر بوو بە ھۆی داھێنان و ئافراندنی نیزامی فیزیۆلۆژی ئۆبجێکت ئەو وزە و تواناییەیە کە مرۆڤ خاوەنیەتی ھیچکات ناتوانێت بە بەڵگە و دکۆمێنت دەریان ببڕێت بەڵکوو پێویستی بە ئافراندن و داھێنانی کۆمەڵێک دەستەواژە و وشەی نوێ ھەیە بۆ دەربڕینی بیر و ھرزێکی نوێ.

ڕنە دێکارت لە تێۆرییەکەیدا بۆ مرۆڤ کە وەکوو تاک ئاماژەی دەداتە سەر لەم چەمکەدا خۆی پیشان دەدات «من بیر دەکەمەوە کە واتە من ھەم» گرێدان و پێکەوە بەستنەوەی دوو چەمکی «ھزر ـ بوون» لێرەدا ئەو شتەی دەبێتە ئامرازی دەربڕین و ڕاگەیاندنی ھزری نوێ جگە لە زمان شتێکی تر نییە، ئەگەر وا بێت ئەو ڕستەیەی دێکارت ڕاستەوخۆ دەبێتەوە بە «من زمان دەزانم کە واتە من ھەم» لەبەر ئەوەی بە بەراوردێکی لۆژیکیانە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەو ھاوڕێژەیی (تناسب) و پەیوەستە بونەی لە نێوان ھزر ـ بووندا ھەیە بە ھەمان ڕادەش لە نێوان زمان ـ بووندا، بوونی ھەیە چونکە زمان تاقە کەرستەیەکە لەو ڕوویەوە دەتوانرێت ھزری نوێی پێ ئاراستە بکرێت و ڕابگەیەندرێت. کە وایە ھەمان ھاوکێش و ھاوڕێژەیی ھزر ـ بوون لە نێوان «زمان ـ بوون»دا بەدی دەکرێت.

نەوام چامسکی زمانناسی بەناوبانگی ئەمریکی لە ڕوانگەیەکی ترەوە لەسەر ئەم تیۆرەی «رنە دێکارت» دەوەستێت. ئەو دەڵێت: «ئەگەر بمانھەوێت بڵێین مرۆڤ دەتوانێت خاوەنی زانست بێ ئەم زانستە دەکرێت لە شێوەھایەکی جیاجیادا پۆلێنبەندی بکرێن یەک لەم پۆلێنبەندیانەش جیاکردنەوەی زانستی زمانە لە زانستی غەیری زمان، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین ئەم پۆلێنبەندیەی نێوان زانستی زمان و زانستی غەیری زمان نەک ھەر لە حەوزەی زماننای گشتیدا دەگونجێ بەڵکوو لە زمانناسی ھاوچەرخیشدا کە بە سەردەمی «جیھانیھای زمان» ناو دەبرێت درووستە. ئەم پۆلێنبەندییەی نێوان زمان و زانستەکانی تر لە لایەن خودی زمانناسانەوە دانەنراوە بەڵکوو لە ڕاستیدا بونیادی ئەم دابەشکردنە لە داھێنانی زەینی خودی مرۆڤەوەیە. بە تەعبیرێکی تر ئەگەر چی زانستی زمان یەکێکە بە نزامگەلی مەعریفەی بەشەری بەڵام ئەم مێتۆد و ئوسووڵە بنەڕەتیانەی کە بەسەر زماندا حاکمن لە سەرجەم مەعریفەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەمەش یەک لەو پێوەرانەیەکە بۆچوونی چامسکی دەربارەی شوناس و جەوھەری زمان لە بۆچوونی بیرمەندانی تر جیا دەکاتەوە. ئەگەر وایە دەتوانین بڵێین زمانی تایبەتی مرۆڤ بەشێکە لە جەوھەر و شوناسی خودی مرۆڤەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ھزر و بوونی مرۆڤەوە. یان بە تەعبیرێکی تر زمانی زگماکی یەکەمین شوناسی وەرگیراوە ڕیشەدارترین بواری شوناسی کۆمەڵایەتی تاکەکانە، ھەوڵ دەدەین لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی زمان وەک ژێر خان و بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی، لەڕووی دەروونناسیەوە: یان لایەنە ئیجابی و سەلیبەکانی زمان چ وەک کەرەستەیەکی عەقڵی و مەعریفی و چ وەک ئامرازێکی بنیاتنەر لە درووست کردن و دامەزراندنی ژێر خانی شوناسی نەتەوەیی چ وەک کارتێکەرەکانی زمان و کاریگەرێتی لەسەر گەشەسەندنی تێڕامان و ھزر و بیری مرۆڤ و ھەروەھا کارێگەرێتی لایەنی سەلبی زمان لە حاڵەتی لاواز بوون و تەریک کەوتنەوەی لە ئاست زمانانی بیانی و نێو نەتەوەییدا لەسەر کەسایەتی دەروونی مرۆڤەکان لە ڕووی دەروونناسیەوە تاوتۆی بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش سروشتیە کە زمانی «کوردی» و کەسایەتی کورد، وەکوو سوژە ھەڵبژێرین.

لەبەر ئەوەی پێم وایە ھیچ یەک لە زماناتی تری دنیا و نەتەوەکانی تر ئەوەندەی زمانی کوردی و کەسایەتیەکەی تووشی خەمۆکی و وترسێکی کوشندە و قووڵ لە داھاتوو و دڵەڕاوکێ و پاشاگەردانی و سەرەڕای ھەموو ئەمانەش ڕووبەڕووی تواندنەوە و لە ھەمان کاتدا ڕووخانی کەسایەتی و دەروونی نەبوەتەوە کەوابوو زمانی کوردی و کەسایەتیەکەی زمان و کەسایەتیەکی تاک ڕەھەند و تاک مانا نیە و بە چەندھا ڕەھەندی جیاواز و ئاقاری مێژووییدا تێدەپەڕێت وەک بەختیار عەلی دەڵێت: کەسایەتی کورد یەک لەو کەسایەتیانەیە کە مێژووییەکی درێژی لەگەڵ خامۆشیدا بردۆتە سەر. کاتێک ئاوڕ لە دوای خۆی دەداتەوە چەندین سەدەی دوور و درێژ لە بێدەنگی لە بەردەمیدا شەپۆل دەدەن، چەندین سەدەی دوور و درێژ لە بێ تێکست، بێ ئاسەوار و بێ شکۆی دەسەڵات لە پشتیەوە بێدەنگ و خامۆش وەستاون. زمانی کوردی تا ئەو شوێنەی تەعبیرە لە جیاوازیی ئێمە لەگەڵ نەتەوەکاتی تردا بە شێوەیەکی چالاک تا ئەو شوێنە تایبەتە بە درووست کردنی ھوشیارییەکی نەتەوەیی و گشتی بۆ گۆڕینی دۆخی کەسایەتیەکەی بە زمانی کوردی کاریگەری بینیوە لە لاواز کردنی کار کردن پێیدا بەڵام گۆمانیش لەوەدا نییە زمانی کوردی بەردەوام لە بازنەیەکی کولتووری ھێندە تەسکدا بەکار براوە کە توانای لەسەر تەعبیرکردنی ڕووداوەکانی بەگشتی و قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکەی بە تایبەتی نییە. خودی ئەم لاوازییەی تەعبیر کردنی زمانی کوردی بەتەنیا بەرھەمی تیرۆرەکانی دەرەوە نیە بەڵکوو لاوازی خودی بەکارھێنانەکەیشی ئەوەندە بگرە زیاتر کاریگەرە. کاتێک بە زمانەکەمان تەعبیر لە ڕووداوێکی جیھانی، یان لۆکاڵی و ناوچەیی دەکەین بە شێوەیەکی تاک ڕەھەند تەعبیری لێ دەکەین و لە یەک گۆشە ڕوانینەوە سەیری قەیرانی وجوودیی و سیاسی خۆمان دەکەین لە یەک زاویە و بە یەک تەعبیر لە کێشە و گرفتەکانمان دەڕوانین، ئەمەش وا دەکات زمانەکەمان زمانێکی تاک ڕەھەند بێت و توانای تەعبیری جیاواز لەسەر ڕووداو و قەیرانەکانمانی پێ نەبێت. کاتێک باس لە زمان دەکەین باس لە کەرستەیەکی عەقڵی و مەعریفی دەکەین لە ھەمان کاتدا ھەمیشەش ئەبستراکت لە زمانمان ڕاونیوە لەو ڕوانگەیەوە سەیرمان کردووە کە زمان کەرەستە و ئامرازی لە یەکتێگەیشتن و قسەکردنەوە بەس بەڵام زمان کاتێک دەتوانێت لە پرۆژەی درووستکردنی ژێر خانی نەتەویید چالاک بێت کە بووبێتە خەزێنەیەکی مەعریفی، کاتێک دەڵێین زمان ستوونی ھەرە گەورەی نەتەوەیە مانای ئەوەیە نەتەوە لە جەوھەردا یەکسانە بەکۆی ئەو زانیاری و ھزر و دنیا بینیەی لە زمانەکەیدا ھەڵیگرتووە، زمان گەنجینەی مەعلووماتی نەتەوەیە. زمان پەرژین و چوار چێوەیەک نیە نەتەوە بە دەوری خۆیدا بیکێشێت و خۆی تێدا قەتیس بکات، بەچەشنێک لە ناویدا تایبەتمەندییەکانی خۆی تێدا گەمارۆ بیکێشێت و خۆی تێدا قەتیس بکات، بە چەشنێک لە ناویدا تایبەتمەندییەکانی خۆی تێیدا گەمارۆ بدات. زمان کەرەستەیەکە توانای ژیانی نەتەوە دەستنیشان دەکات. ئێمە نابێت خۆمان بەو وتە زایەوە ببەستینەوە کە دەڵێت زمان تەنھا ئەمراز و کەرەستەی لێک تێگەیشتن و پێوەندی نێوان فەرھەنگەکان و لە ھەمان کاتدا قسەکردنە بەڵکوو دەبێت ئێمە زمان بکەینە پێکھاتەیەکی فرە رەھەند بۆ دنیا بینی و ھزر و کۆی زانستەکانمان، دەبێ زمانەکەمان فێری تەعبیری جۆراوجۆر و لە ھەموو قەیران و کێشەکانمان بکەین، بە زمانەکەمان تەعبیری جیاواز لە ڕووداوەکانی جیھان و خۆمان بکەین، بەر لەوەی بچمە سەر زمان و پەیوەستەبوونی بە ناسنامەی نەتەوەیی و بنیاتنانی ژیرخانی ھوشیاری نەتەوەیی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بە چاو خشاندێک بە مێژووی سیاسی و دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی لە سەدەکانی ھەژدە، نۆزدە و بە تایبەت لە سەدەی پڕ لە خوێناوی بیستەمدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە سیاسەتی فەرھەنگی کۆلۆنیالیزمدا زمان ھەمیشە وەکوو ئامرازێکی کوشندە و ترسناک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. نەتەوەی کۆلۆنیالی و سەردەست بڕێک جار لە گەشەکردنی زمانی نەتەوەی بندەست تۆقیون و بەداسەپاندنی جۆرەھا زەبروزەنگ و تەوژم و سەرکوت فەزایەکی قەدەغەکراویان بۆ گەشەکردنی زمانی نەتەوەی بندەست درووست کردووە، بڕێک جاریش لە زمان وەک ئامراز و چەکێکی کوشندە بۆ تواندنەوەی شوناسی نەتەوەیی بە کۆلۆنیکراو کەڵکیان وەرگرتووە. زمان بەشێکی ھەرە سەرەکی لە شوناسی نەتەوەیی ھەر گەلێک پێک دەھێنێت. یان بە تەعبیرێکی تر زمان بەشێکی دانەبڕاو و جیا ھەڵنەگرە لە شوناسی نەتەوەیی بە چەشنێک دابەزینی ئاستی ھوشیاری نەتەوەیی ھەر نەتەوەیەک پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی لەگەڵ لاواز بوون و تەریککەوتنەوەی زمانەکەیدا ھەیە. پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئاستی ھوشیاری نەتەوەیی ھەر نەتەوەیەک ئەوە دەردەخات تا چەندە ئەو نەتەوەیە بایەخ بە زمانەکەی دەدات و بەشێک لە ژیانی خۆی بۆ گەشە پێدان و پێشکەوتنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەی تەرخان دەکات. لەو سەردەمەوە زمان وەکوو ئامرازێکی کوشندە بۆ سست کردنی ھوشیاری نەتەوەیی و تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ھاتۆتە نێو فەرھەنگی دەوڵەتانی کۆلۆنیالی. ئێمە فێربووین چۆن چۆنی بەرگری بکەین لە زمان و ئەدەبی نەتەوەیمان. چونکە ئەوان باشی دەزانن کاتێک نەتەوەی بندەست لە ھەمبەر نەتەوەی سەردەستدا ھەست بە لاواز بوون و تەریک کەوتنەی زمانەکەی دەکات بێ گومان دەست بە لاواز بوونی ناسنامە و ھەبوونی خۆیشی دەکات. لە ڕووی سایکۆلۆژیاوە ئەمە ڕاستە کاتێک منی بندەست لە ھەمبەر ئەویتری باڵادەستدا ھەست بە کەمی و لاوازی دەکەم ئەم حاڵەتە گەرچی نائاساییە بەڵام لە چەندین جار دووبارە بوونەوەیدا بۆ منی «تاک» دەبێتە حاڵەتێکی ئاسایی، لێرەیشەوەیە کە ھەر جۆرە ھەوڵ و تەقالایەک بۆ «منی» تاک لە گۆڕاندن و نوێ کردنەوە و خۆ دەربازکردن لەو حاڵەتە نائاساییەی کە بەرۆکی گرتووم دەبێتە شتێکی مەحاڵ و لە ھەموو حاڵەتێکدا ئاسایی و نائاسایی لە موراعاتی ئەوی باڵا دەستدام ئەمەش وام لێدەکات ھیچ جۆرە باوڕێکم بە خۆم نەمێنێت و ھیچ کاتیش لە ھەوڵی نوێ کردنەوە و گۆڕاندا نەبم. ئەمە لە حاڵەتێکی گشتیدا و لە ڕەھەندێکی بەرفراواندا دەکرێت لە تاکێکی بندەستەوە بۆ کۆمەڵە خەڵکانێکی بەکۆلۆنیکراو نەتەوەیەکی ژێر دەستەش بەکار ببرێت.

لێرەدا زمانی کوردی لە ناو زماناتی تری زیندووی دنیادا و لە ئاستی نێو نەتەوەییدا دەخەینە بەر باس و ئاوڕێک لە سەرەکیترین کێشە و گرفتەکانی دەدەینەوە.

دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێدەکەم کێش و قورسایی زمانی کوردی لە نێو زمانانی تردا لە ئاست جیھانیدا لە چ ڕادەیەک دایە؟

بە پێی شیکاریی بیرمەندێکی کانادایی 6600 زمان لە دونیادا لە حاڵی قسە پێکردن و ئاخاوتن دان. ئەگەر ئەم زمانانە بە پێی «کۆمەڵ» واتە «جمعیت»ی ئەو خەڵکانەی کە قسەیان پێ دەکەن بەراورد بکرێت دەتوانین بڵێین زمانی کوردی لە ڕەدەی 32ی زمانەکانی دنیادایە بەو پێیەی کە 40 میلیون خەڵکی قسەی پێدەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لەو ژمارەیە بەو زمانە قسە دەکەن بەم پێیە ڕادەی زمانەکە لەوە کەمتر مەزندەی بۆ دەکرێت. بە پێی ئەم شیکارییە دەکرێت بڵێین زمانی کوردی لە زۆربەی زمانەکانی سوێدی، دانمارکی و ھۆڵەندی، بە کورتی ھەموو ئەو زمانە لۆکاڵانەی کە لە ئوروپادا قسەی پێ دەکرێت بە نیسبەت زمانی کوردییەوە لە پلەکانی خوارتر دان، بەڵام لە ڕووی فەرھەنگیەوە زمانی کوردی توانای کێبەرکێ و ڕەقابەتی زمانە ئوروپیەکانی نیە. لێرەدا خۆم دەرگیری ھیچ یەک لەو بوارانە ناکەم لەبەر ئەوەی دەکرێت بەدەیان کتێب و نووسراوەی بۆ تەرخان بکرێت. تەنھا لەو گرفتە سەرکیەی دەدوێم کە ئەمڕۆ لە بەردەم چاخی زانست و تەکنۆلۆژیادا زمانی کوردی ڕووبەرووی بۆتەوە ئەوەش بە ھۆی کەم‌کاری و سستی خۆمانەوەیە.

یەک لەو کێشە ھەرە سەرەکیانەی کە ڕووبەرووی زمانی کوردی بۆتەوە و دەبێتەوە نەبوونی فەرھەنگستان یان بونیادێکی لەبارە کە لەسەر زمانی کوردی بکۆڵێتەوە. ئەمەش پەیوەستە بە ھەبوونی دەوڵەتێکی یەکپارچە و نالۆکاڵی کە لە ئێستادا ئێمە نیمانە، لە باشووری کوردستانیشدا بە ھەبوونی پشتگیری دەوڵەتەوە پێویستی بە بونیادێکی کوردناسی ھەیە کە بە شێوەیەکی تۆکمە و تایبەت لەسەر زمانی کوردی بکۆڵێتەوە لە زانکۆکان و شوێنە ئاکادیمیکیەکاندا کە تاکوو ئێستا درووست نەکراوە.

ئەو خوێندنەوانەی تاکوو ئێستا لەسەر زمانی کوردی بە شێوەیەکی تایبەت ئەنجام دراون خوێندوەھایەکی خەوش و سەقەتن، لەبەر ئەوەی زمانی کوردییان لە چوارچۆوەی خوێندنەوەی «ئێران ناسیدا» تاوتۆی کردووە. ئەمڕۆ دەبێ پسپۆڕان و ئەوانەی بە شێوەیەکی ئاکادمیک و زانستی لەسەر زمانی کوردی کار دەکەن ئەو زمانە بەرەو ناوەندی خوێندنەوەی خۆی بگۆڕن و خوێندنەوەی ئێران ناسی بە پرۆسەی کوردناسی بگۆڕن. ئەوانەی بە شێوەیەکی ئاکادمیک و زانستانە کاریان لەسەر زمانی کوردی کردووە و خوێندوویانەتەوە لەو چوارچێوەیەدا واتە «ئێران ناسی» ھەڵیان سەنگاندووە و مامەڵەیان لەگەڵ کردووە ئەمەش وادەکات زمانی کوردی، ئەگەرچی سەر بەلقی زمانە ئێرانیەکانە «فاکتێکی تایبەت بە خۆی نەبێت یان زمانێکی ھاوبەش بێت لەگەڵ سەرجەم زمانە ئێرانییەکاندا. یان ئەوەی کە جیاوازییەکان ئەوەندە زۆر نەبن ببنە ھۆی پێکھێنانی فاکتھایەکی تایبەت بە زمانی کوردی. پرۆفسۆر «جەماڵ نەبەز» لە کونفرانسی نێو نەتەوەیی ساڵی 2000 لە ئاڵماندا کە لەسەر زمانی کوردی خوێندنەوەی ھەبوو، ئاگادارمان دەکاتەوە و کە تاکوو زمانی کوردی وەکوو خۆی و بەو فاکتەرە تایبەتیانەیەوە نەخوێندرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لە حەوزەی موتالەعاتی «ئێران شناسی» نەھێنرێتە دەرەوە و ڕێکخراوێکی زانستیانەی کوردناسی لە زانکۆکان و شوێنە ئاکادیمیکەکاندا بۆ دانەمەزرێت بێ‌گومان گیر و گرفتەکانی بەو ئاسانیە چارەسەر ناکرێ و بەردەوام لەگەڵ گرفتە ناوخۆییەکاندا رووبەڕوو دەبێتەوە. سستی و کەم کاری ئێمە لەمەڕ گەشەسەندن و ئەورۆیی کردنی زمانەکەمان ڕیشەیەکی مێژووی چەندین ساڵەی ھەیە. بیرمەند و شاعیری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی لە چیرۆکە بەناوبانگەکەیدا (مەم و زین) ڕەخنەکانی زۆرتر ڕوو لە ڕووناکبیران و خوێندەوارانی کورد ەکات لەوەی کە ھیچ جۆرە بایەخێکیان بە زمانی کوردی نەداوە و ئەمەش بۆتە ھۆی لەبیرچوونەوە و فەرامۆش کردنی زمانی کوردی لە ئاست نووسیندا. ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە، ئێمە بە سەدان و بگرە ھەزاران خوێندەواری ئاکادمیک و بەناو رووناکبیرمان ھەیە، بەڵام ئەوانەی کە لەسەر زمانی نەتەوەی و زمانی دایکی بەو شێوەیە چالاک کاریان کردووە و کار دەکەن لە قامکی دەست تێناپەڕن. ئێمە خۆمان کۆسپی ھەرەگەورەین لە بەردەم گەشە سەندن و مودێڕنێزە بوونی زمانەکەماندا.

ژێدەرەکان:

1- زبان شناسی دکارتی فصلی از تاریخ تفكر عقلگرا، نوام چامسكی

2- زبان شناسی نوین نتایج انقلاب چامسكی، نیل اسمیت

3- هامشی بر دانش زبان شناسی، فصل سوم، باباشیخ حسینی

4- نشریه «نویسا» با زمینه‌ی تحلیلی، امین حسن‌پور، ترجمه‌ی احمد فلامی

5- ره‌هه‌ند، ژماره 11، زمان و ناسنامه، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، نیوه‌ندی ره‌هه‌ند

6- ره‌هه‌ند، ژماره 10-9، سه‌ده‌ی ناسیونالیزم، به‌ختیار عه‌لی

7- هه‌مان سه‌رچاوه، ناسیونالیزم و سیسته‌می ته‌عبیر

8- نشریه زریبار، فایل ادبیات و فرهنگ، زبان كردی از سنت شفاعی تا زبان نوشتاری، حمزه محمدی

9- هه‌مان سه‌رچاوه، فاقل ادبیات و فرهنگ، آسیب‌شناسی مطالعات كردشناسی، فرزاد فیضی‌زاده









درباره وبلاگ:




آرشیو:


طبقه بندی:


آخرین پستها:


پیوندها:


پیوندهای روزانه:


نویسندگان:


نظرسنجی:


آمار وبلاگ:





The Theme Being Used Is MihanBlog Created By ThemeBox