تبلیغات
هه‌ره‌وه‌ز - گۆڕان یا دۆڕان - حامید ڕه‌سووڵی
 
ئاواتی "هه‌ره‌وه‌ز"، ژینۆ و بووژانه‌وه‌ی زمان و شۆناسی گه‌لی کورده‌

گۆڕان یا دۆڕان - حامید ڕه‌سووڵی

نوشته شده توسط :شورای سردبیری
یکشنبه 1390/03/1-23:48

گۆڕان یا دۆڕان (حامید ڕه‌سووڵی)

 دژه‌ ده‌وڵه‌ت یان ئۆپۆزیسیۆن، له‌ زاراوه‌ی سیاسی‌دا به‌ کۆمه‌ڵێک تاک و ناوه‌ندی دژ به‌ سیستمی سیاسی ده‌گوترێ. ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ سیستمی پارڵمانتاری‌دا به‌ لایه‌نی دژ به‌ ده‌وڵه‌ت یان به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگا ده‌کوترێ که‌ هاوڕێی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی ده‌سه‌ڵات‌دار نه‌بن. ڕه‌گه‌زی وشه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ گه‌ڕێته‌ وه‌ سه‌ر وشه‌ی لاتینیی (opposite) به‌ واتای دژ. ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و پارت و گرووپه‌ سیاسی و ڕێکخراوانه‌یه‌ که‌ دژ به‌ حکوومه‌تی ده‌سه‌ڵات‌دار له‌ ژێر سێبه‌ری یاسا ڕخنه‌ له‌ ئه‌و ده‌گرێ. تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن به‌ سێ شێوه‌ی هێزخواز (power politice)، ڕێفۆرم خواز و شۆڕش‌گێڕ، خۆی ڕێک‌خستووه‌. هێزخوازه‌کان ئه‌و به‌شه‌ن که‌ دژ به‌ ئه‌ندامان و قوماشی ده‌سه‌ڵاتن. ڕێفۆرم‌خوازه‌کان بریتین له‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ سیستمی سیاسیی زاڵیان پێ باشه‌ به‌ڵام بۆ خۆیان دژ به‌ سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی سیستمن. شۆڕش‌گێڕانیش ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ به‌ ته‌واوی دژایه‌تی‌یان له‌ گه‌ڵ سیستمی زاڵ هه‌یه‌ ته‌نانه‌تیش به‌ سه‌ره‌و بن کردنی سیستم، هێور ده‌بنه‌وه‌. ئه‌و سێ پارچه‌یه‌ش به‌ پێی ڕێک‌خستن، ئایدۆلۆژیا، پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر وه‌ها پێک‌هاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌که‌ونه‌ ناو ده‌سته‌و بڕگه‌ی تایبه‌ت. ئه‌وه‌ قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌رهه‌نگی سیاسیی سیستمه‌، که‌ بوون و شێوه‌ی جووڵانه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن پێناسه‌ ده‌کا یانیش پێکی دێنێ.

دیاره‌ ئۆپۆزیسیۆن، هاوکات ده‌ گه‌ڵ هه‌بوونی هێزێکی ده‌سه‌ڵات‌دار دایه‌ که‌ پێناسه‌ ده‌کرێ. که‌ وابوو ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ هێز و دێمۆکڕات، ئۆپۆزیسیۆنێکی به‌ هێز و دێمۆکڕاتی له‌ پشت ده‌بێ. له‌ وه‌ها وڵاتێک‌دا کاری هه‌ر دوو لایه‌ن، نوێ‌سازی و نوێ بنیادنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌. نوێ سازی له‌ ڕوانگه‌ی سیاسی‌یه‌وه‌ بریتی‌یه‌ له‌ په‌ره‌ دان به‌ ناوه‌نده‌ دێمۆکڕاته‌کان، به‌شداری کردنی جه‌ماوه‌ر له‌ کار و باری سیاسی و هه‌ڵبژاردن، سه‌قامگیرکردنی ئاسایش، فراوانتر کردنی بزووتنه‌وه‌یه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان، سووڕانی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان تا‌که‌کانی کۆمه‌ڵگا هاوکات له‌ گه‌ڵ ڕێک‌ و پێکی و یێکسانی. ئازادیی چالکیی NGO كان، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و مافی مرۆڤ. هه‌ر کات هێزی ده‌سه‌ڵات، هێزێکی پاوانخواز و خۆ خواز بێت، دوای سه‌رکه‌وتن و پاڵدانه‌وه‌ به‌ کورسیی ده‌سه‌ڵات‌دا ئه‌وا دوو سیاسه‌تی سه‌ره‌کی‌ به‌رانبه‌ر به‌ هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کان ده‌گرێته‌ به‌ر. یه‌که‌میان به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ن که‌ له‌ نا‌و خۆی ده‌سه‌ڵات‌دا هه‌ن که‌ سیاسه‌تی پاکتاو کردن و سڕینه‌وه‌یان له‌ به‌رانبه‌ر دا به‌کار دێنێت. به‌ڵام له‌ کاتێک‌دا که‌ هێزی ئۆپۆزیسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات‌دا بێت، ئه‌وا سیاسه‌تی تێک‌دان و پاڵ‌دان ده‌بێت به‌ سیاسه‌تی سه‌ره‌کیی. که‌ له‌ هه‌ر دوو حاڵه‌تیش‌دا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ که‌ ده‌سه‌ڵات و هێزی سیاسیی وڵات، به‌ره‌و لایه‌نێک چڕ بێته‌وه‌ و ئه‌وانی تر سووچ‌دار بکرێن و له‌ گه‌مه‌ی سیاسی، بێ به‌ش بکرێن و لایه‌نی سه‌رکه‌وتوو، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک که‌ خوازیاری بێت، ده‌جووڵێته‌وه‌ و که‌س نییه‌ بۆی هه‌بێ که‌ پێی بلێت پشتی چاوت برۆیه‌!! له وه‌ها که‌ش و هه‌وایه‌ک دا گه‌نده‌ڵی و بێ یاسایی، سه‌ر هه‌ڵده‌دات و بنه‌ما سه‌ره‌کی‌یه‌کانی وڵات تووشی قه‌یران و ڕزین دێت. که‌ وابوو له‌ گۆڕه‌پانێکی فره‌لایه‌نی دایه‌ که‌ وڵات، به‌ره‌و ئامانجه‌ سه‌ره‌کی‌یه‌کان و له‌ نوێ بنیاد نانه‌وه‌ ده‌ڕوات نه‌ک ده‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی سنووردار و یه‌ک ده‌ست‌دا. لێره‌ دا جێگای خۆیه‌تی که‌ هێندێک شت ڕوون بکه‌ینه‌وه‌. چه‌ند پرسیارێک وه‌کوو به‌ چ که‌سانێک ده‌توانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌رکی سه‌ر ملی ئۆپۆزیسیۆن کێهانه‌ن، دێنه‌ پێش که‌ ده‌بێ وڵام بده‌ینه‌وه‌. ئۆپۆزیسیۆن، ده‌بێ خاوه‌ن ئه‌زموونێکی به‌ هێز بێت و ته‌نیا له‌ بر ئه‌وه‌ی که‌ که‌مینه‌یه‌ و ده‌نگی به‌ ده‌ست نه‌هێناوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست خۆی، ناوی ئۆپۆزیسیۆن نابێ له‌ خۆی بنێت و ڕه‌وشه‌که‌ تووشی سه‌ر لێ‌شێوان بکا. هه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن، جۆره‌ زیندوو مانه‌وه‌ و چالاک بوونێک به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌دا و له‌ مه‌نگی و سوکتا ده‌ری ده‌خات. ئه‌گه‌ر بێتوو لایه‌نێک، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات پاڵ‌بداته‌وه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ خوو و ڕه‌وشتی خۆی په‌ره‌ پێ ده‌دا و ته‌نیا کار بۆ مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌کات و سه‌رنجی به‌ لای ئاوه‌دان کردنی وڵاته‌وه‌ نابێ. ئه‌وه‌ش وه‌کوو نه‌خۆشیی کۆمه‌ڵگا باسی لێ ده‌کرێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ لایه‌نێکی ده‌سه‌ڵات‌دار بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر، گشت دام و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و پڕۆپاگه‌نده‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست. بۆیه‌ش مه‌ترسیی چه‌واشه‌کاری و په‌رته‌واز کردنی خه‌ڵک له‌ ئارادایه‌. وه‌ک پێش تریش باسی لێ‌کرا، کاری سه‌ره‌کیی لایه‌نی دژ به‌ ده‌ست‌هه‌ڵات، ڕخنه‌یه‌. که‌ وابوو ده‌بێ به‌ ته‌واوی، هێز و زانستی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ تا باشترین و عه‌قڵانی‌ترین بۆشایی‌یه‌کانى، بدۆزێته‌وه‌ و ڕخنه‌یه‌کی وردبینانه‌ و کاربۆکراوی ئاراسته‌ بکات و ڕخنه‌ به‌ واتای خۆی به‌ کار بهێنێ. ڕخنه‌ یان نه‌قد، به‌ ڕوانینێکی تێر و ته‌سه‌ل ده‌کوترێ که‌ هه‌موو خاڵه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنی‌یه‌کانی ڕووداوگه‌لی ده‌ورووبه‌ری خۆی هه‌ڵداته‌وه‌ و به‌ واقع بینی‌یه‌وه‌ بڕیار بدات و به‌ پێی هه‌ڵسنگاندنی هه‌موو باروودۆخه‌کان و ئمکاناتی به‌ر ده‌سته‌وه‌ هه‌ڵوێست بگرێ. بۆ وێنه‌ ئاماژه‌ ده‌که‌ین به‌ حیزبی گۆڕان که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو دا له‌ هه‌رێمی کوردستان، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رڵه‌مان و حکوومه‌تی ده‌کرد. با چاو لێ بکه‌ین ئایا له‌ باروودۆخی ئێستا دا ئه‌و بڕیاره‌ بڕیارێکی عه‌قلانی و مه‌نتقی‌یه‌؟! ئه‌ویش له‌ کاتێک دا‌ که‌ ته‌نانه‌ت بوودجه‌ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ و که‌ناڵی که‌ی‌ئێن‌ئێن، له‌ سه‌ر خه‌رجی حکوومه‌تی هه‌رێم بووه‌ بۆ چاک‌سازی و ئاوه‌دان‌کردنه‌وه‌ی وڵات له‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمیش خۆی له‌ هه‌بوونی نه‌گۆڕیوه‌ و ده‌ڵی ده‌بێ کاری بۆ بکرێ. هه‌ر چه‌نده‌ به‌ ڕوونی دیاره‌ که‌ بڕیاره‌که‌ به‌ ته‌واوی سه‌لیقه‌یی و چاولێ‌کراوانه‌ بووه‌ و به‌ ته‌واویی واتای خۆیه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ئه‌و دوایی‌یانه‌ی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرتووه‌. بۆیه‌ش بێ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵسنگاندن و به‌راورد کردنێک له‌ سه‌ر جیاوازی‌یه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ و وڵاته‌کانیان بکرێ، به‌ په‌له‌ و هه‌ڵه‌ وه‌ رێخرا و دواتریش دیتمان که‌ ئه‌وه‌ ویست و داخوازی گه‌ل نه‌بوو. پێش‌تر کێشه‌کانی بێن غازی و موباره‌ک، نێو خۆیی بوو تا ده‌ره‌وه‌یی. به‌ڵام نه‌بوونی سیاسه‌تێکی ڕێک و پێک، بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ تووشی سه‌ر‌هه‌ڵدان بن. ئاخۆ له‌ هه‌رێمی کوردستان‌دا چێ؟! هه‌م ئیسرائیل و ئامریکا و هه‌روه‌ها یێکه‌تیی ئه‌ورۆپاش له‌ پشتی موباره‌ک وه‌ستابوون و پشتیوانیان لێ ده‌کرد، به‌ڵام هه‌رێم کێی له‌ پشته‌ تا بتوانێ خۆی ڕاست کاته‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌کی ڕێک و پێک و کار بۆ کراوی بۆ دا بڕێژێت. دیسان شتێکی زۆر گرینگی تر که‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت بوودجه‌ی گه‌شت و گوزاری وڵاتێکی وه‌کوو میسر به‌ قه‌د بوودجه‌ی چه‌ندین ساڵی کوردستانه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ کوێ دا گۆڕان توانیی به ئه‌و ته‌مه‌نه‌ کورته‌ی که‌ هه‌یتی، ته‌واوی بۆشایی‌یه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ست‌نیشان بکات و به‌ ئه‌ونده‌ گه‌وره‌یان بزانێت که‌ قانه‌ بیللایه‌ په‌رڵه‌مان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و توانیویه‌تی ته‌حلیلی دوای تێک چوون بکات و به‌رنامه‌ و ئستراتێژی‌یه‌کی پته‌و، بۆ سه‌ر له‌ نوێ بنیاد نانه‌وه‌ی سیستمی ده‌سه‌ڵات‌داری له‌ هه‌رێمی کوردستان‌دا پێش که‌ش بکات. وا دیاره‌ له‌ به‌ر چاوی به‌ڕێوه‌ به‌رانی گۆڕان، ئه‌و خاڵانه‌ ئه‌ونده‌ش گرینگ نین و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکوومه‌ت له‌ به‌ر چاوی ئه‌وان، خۆی سه‌خت ده‌نوێنێ!!! له‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌ به‌ دوا، ئایا پێش ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا چاره‌نووسی گه‌وره‌ترین کێشه‌ی هه‌رێمی کوردستان، که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شه‌ دابڕاوه‌کانه‌، نادیاره‌ و پێویسته‌ کاری زۆری بۆ بکرێ، کات و ساتی ئه‌و بڕیار ده‌رکردنه‌یه‌؟! بۆیه‌ من به‌ ڕای خۆم، ئه‌و بڕیاره‌ به‌ کاڵی و به‌ ئه‌زموونی کارگێڕانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی ده‌زانم و به‌ یه‌ک په‌نی سیاسیی ده‌زانم. ئۆپۆزیسیۆن کاتێک ده‌توانێ ڕؤڵی خۆی به‌ باش‌ترین شێوه‌ کایه‌ بکات که‌ به‌رنامه‌ و ئیستراتێژیی ڕوون و ئاشکرای هه‌بێ و به‌ پێی خوێندنه‌وه‌یه‌کی مه‌نتقی و باروودۆخی‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێست بگرێ. مه‌رجی سه‌ره‌کیی گه‌ییشتن به‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دیاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ لایه‌نی دژ، خۆی له‌ حاڵه‌تی دروشم بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕه‌وشتی کرده‌وه‌یی بگرێته‌ ئه‌ستۆ. ده‌نا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌ ئه‌رکه‌کانی خۆی دوور ده‌که‌وێته‌وه‌. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون و گه‌شه‌ کردن پاڵ دات، وڵات ده‌خاته‌ نێو مه‌ترسیی که‌وتنه‌ ناو توند و تیژی و ئالۆزی‌یه‌وه‌. له‌ کۆتایی دا ده‌مهه‌وێ باس له‌ ئه‌وه‌ی بکه‌م که‌ ڕخنه‌ گر و ئۆپۆزیسیۆن هێشتا له‌ کوردستان دا نه‌یانتوانیوه‌ فه‌همێکی واقعی و شایانیان لێ بکردرێت و زۆرتر وه‌ک چه‌مک و دروشم ده‌کار ده‌کردرێن تا وه‌ک ڕێگه‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنی دێمۆکڕاسی و ده‌رفه‌تی به‌رانبه‌ر بۆ هه‌موو لایه‌نێک.









درباره وبلاگ:




آرشیو:


طبقه بندی:


آخرین پستها:


پیوندها:


پیوندهای روزانه:


نویسندگان:


نظرسنجی:


آمار وبلاگ:





The Theme Being Used Is MihanBlog Created By ThemeBox